Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:46

[1] کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە.

[2] پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»

[3] ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو:

[4] «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە.

[5] ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە.

[6] زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە.

[7] پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت.

[8] ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»

[9] ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان.

[10] ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن.

[11] خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە.

[12] هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە.

[13] دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت.

[14] هەر نێرینەیەکی خەتەنە نەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»

[15] هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارای ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا.

[16] بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»

[17] ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟»

[18] ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەبەردەم بەرەکەتی تۆدا ژیان بەسەرببات.»

[19] خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی.

[20] بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.

[21] بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.»

[22] کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.

[23] لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو.

[24] ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا،

[25] ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵان بوو کاتێک خەتەنە کرا.

[26] لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران.

[27] هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.

پەیدابوون — Chapters