[1] ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ ڵوت لە میسرەوە چووە نەقەب.
[2] ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.
[3] قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێتئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێتئێل و عای.
[4] بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
[5] هەروەها ڵوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو.
[6] بەڵام خاکەکە هەردووکیانی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە نیشتەجێ بن، لەبەر ئەوەی دەستکەوتیان ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەیانتوانی پێکەوە نیشتەجێ بن.
[7] ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. لەو کاتەش کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.
[8] ئینجا ئەبرام بە ڵوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک لەنێوان من و تۆ و لەنێوان شوانەکانم و شوانەکانی تۆ نەبێت، چونکە ئێمە مام و برازاین .
[9] ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»
[10] ڵوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات.
[11] ڵوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. ئیتر هەردووکیان لە یەکتری جیا بوونەوە.
[12] ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، ڵوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو، ڕووەو سەدۆم چادرەکانی هەڵدا.
[13] خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار و گوناهبار بوون، لە دژی یەزدان.
[14] دوای جیابوونەوەی ڵوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە،
[15] چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە تۆ و نەوەی تۆ،
[16] نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش دەژمێردرێت.
[17] بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»
[18] ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.