[1] دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ دیدەنی کچانی ئەو ناوە.
[2] کاتێک کە شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد.
[3] دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.
[4] شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە ببێتە ژنم.»
[5] یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
[6] حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.
[7] کوڕەکانی یاقوب کە بیستیان، لە دەشتودەر هاتنەوە، هەستیان کرد کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و زۆر تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، ئەمەش کارێکی نەشیاو بوو.
[8] بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە، بیدەنێ ببێتە ژنی.
[9] ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.
[10] لەناومان نیشتەجێ بن، زەوییەکەش لەبەردەمتانە، تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، موڵکتان تێیدا هەبێت.»
[11] ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.
[12] مارەیی و دیاری زۆر لەسەرم زیاد بکەن، ئەوەی داوای دەکەن دەیدەم، تەنها کچەکەم بدەنێ ببێتە ژنم.»
[13] کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.
[14] پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنە نەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.
[15] بەڵام بەمە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین، ئەگەر وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.
[16] ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.
[17] بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەشتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوە کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
[18] قسەکانیان بەلای حەمۆر و بەلای شەخەمی کوڕی حەمۆرەوە باش بوو.
[19] کوڕە لاوەکە لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە بە کچەکەی یاقوب دڵشاد بوو، لە ماڵی باوکیشی لە هەموویان ڕێزدارتر بوو.
[20] ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد، گوتیان:
[21] «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.
[22] بەڵام ئەم پیاوانە بەمە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەگەڵمان نیشتەجێ بن و ببینە یەک گەل، ئەویش خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانمانە، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنەکراون.
[23] ئایا ماڵات و ماڵ و هەموو ئاژەڵەکانیان بۆ خۆمان نابن ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن؟»
[24] هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
[25] ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم، کە ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانکراو بێت هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو کوشتیان.
[26] بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.
[27] ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.
[28] هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد.
[29] هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
[30] ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان کردە ناحەز لەلای خەڵکی ئەم خاکە، کەنعانییەکان و پریزییەکان. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
[31] بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»