Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:05

[1] یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

[2] «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بەرەکەتدارت دەکەم، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەرەکەت.

[3] ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم، نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم. هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

[4] ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت.

[5] ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.

[6] ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون.

[7] یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.

[8] لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە، عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

[9] پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب بەردەوام بوو لە کۆچکردن.

[10] لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو لەوێ بۆ ماوەیەک ئاوارە بێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر گەورە بوو.

[11] کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارای ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت.

[12] کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە.

[13] بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»

[14] کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە.

[15] کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون.

[16] ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر.

[17] بەڵام یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد.

[18] ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟

[19] بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ هەتا بردم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!»

[20] ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.

پەیدابوون — Chapters