Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:50

[1] کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، ئیتر یاقوب بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟»

[2] گوتی: «بیستوومە وا لە میسر گەنم هەیە. بڕۆنە ئەوێ و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»

[3] ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر.

[4] بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت.

[5] ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەوانەی هاتبوون، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.

[6] یوسف خۆی دەسەڵاتدار بوو لەسەر خاکەکە، خۆی فرۆشیار بوو بۆ هەموو خەڵکەکەی. ئینجا براکانی یوسف هاتن و کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی.

[7] کە یوسف تەماشای براکانی خۆی کرد، ئەوانی ناسییەوە. بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن، لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.»

[8] هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە.

[9] ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»

[10] ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن.

[11] ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»

[12] ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»

[13] بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»

[14] یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن.

[15] ئا بەمەش تاقی دەکرێنەوە، بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە تەنها بە هاتنی برا بچووکەکەتان نەبێت بۆ ئێرە.

[16] یەکێک لە خۆتان بنێرن هەتا براکەتان بهێنێت، ئێوەش بەند دەکرێن، ئیتر قسەکەتان تاقی دەکرێتەوە کە ئایا ڕاستگۆییتان تێدایە؟ ئەگینا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.»

[17] ئیتر سێ ڕۆژ پێکەوە لە زیندانی کردن.

[18] لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من لەخواترسم.

[19] ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با برایەکتان لە زیندانەکەتان زیندانی بکرێت، ئێوەش بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ برسیێتی ماڵەکانتان.

[20] بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئیتر ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.

[21] بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی بەرامبەر بە براکەمان تاوانبارین. کاتێک پەرێشانی گیانیمان بینی، لێمان پاڕایەوە بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهات.»

[22] ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا خوێنەکەی داوا دەکرێت.»

[23] نەشیاندەزانی یوسف لە قسەکانیان دەگات، چونکە لە ڕێگەی زمانزانەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.

[24] ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.

[25] دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم، زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی، ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا.

[26] گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.

[27] لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی.

[28] بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.» ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟»

[29] ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان:

[30] «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای داناین سیخوڕی خاکەکە بین.

[31] بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین.

[32] ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“

[33] «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمە دەزانم ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ برسیێتی ماڵەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن.

[34] ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر دەزانم ئێوە سیخوڕ نین، بەڵکو سەرڕاستن. براکەشتان پێدەدەمەوە و لە خاکەکەش بازرگانی خۆتان بکەن.“»

[35] ئەوە بوو کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکردەوە، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر کە کیسەی زیوەکانیان بینی، خۆیان و باوکیان ترسیان لێ نیشت.

[36] یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»

[37] ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»

[38] بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»

پەیدابوون — Chapters