[1] ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو، لە گرار ئاوارە بوو.
[2] ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
[3] ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
[4] بەڵام هێشتا ئەبیمەلەخ لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟
[5] ئەی ئیبراهیمش پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
[6] خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت.
[7] ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەشیگەڕێنیتەوە، ئەوە بزانە کە بێگومان دەمریت، خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن.»
[8] سبەی ئەبیمەلەخ بەیانی زوو لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەم شتانەی پێیان گوت، پیاوەکانیش زۆر ترسان.
[9] ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە ناشێت بە منت کرد.»
[10] ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «چیت بینی هەتا ئەم کارەت کرد؟»
[11] ئیبراهیمیش گوتی: «چونکە گوتم: ”لەم شوێنەدا هیچ لەخواترسی نییە، لەبەر ژنەکەشم من دەکوژن.“
[12] لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم.
[13] کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”ئەمە ئەو چاکەیە کە لەگەڵمدا دەکەیت، چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
[14] ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە.
[15] ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «زەوییەکەم وا لەبەردەمی تۆیە، هەرکوێیەکیت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
[16] بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو دەدەمە براکەت. ئەمە بەرامبەر بە ئابڕووبردنەکەی تۆیە لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن و لەلای هەموو کەسێک، ئیتر تۆ تەواو ڕوو سپیت.»
[17] ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو،
[18] چونکە هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، یەزدان بە تەواوی بەستبووی، بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە.