[1] هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو.
[2] ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان مرد. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێنێتەوە و بەسەریدا بگریێت.
[3] ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد، گوتی:
[4] «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، هەتا بتوانم مردووەکەم لەبەردەمم بنێژم.»
[5] حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت:
[6] «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە بەرامبەر بە تۆ دەست بە گۆڕەکەیەوە ناگرێت، هەتا مردووەکەتی تێدا نەنێژیت.»
[7] ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ خەڵکی خاکەکە برد، بۆ حیتییەکان.
[8] ئینجا قسەی لەگەڵ کردن، گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم کە لەبەردەممە بینێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر داوام بۆ بکەن.
[9] ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»
[10] عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
[11] «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەفرۆشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»
[12] ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و
[13] لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»
[14] عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
[15] «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»
[16] ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.
[17] ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە
[18] موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە.
[19] دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان.
[20] ئیتر کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی بووە موڵکی ئیبراهیم، بۆ ئەوەی لەلای حیتییەکان ببێتە گۆڕستان.