Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:16

[1] ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە،

[2] لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای ڕوخسار جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان.

[3] لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار ناشیرین و لەڕ، لەلای مانگاکانەوە لەسەر کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان.

[4] ئینجا مانگا ڕوخسار ناشیرین و لەڕەکان، حەوت مانگا ڕوخسار جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات.

[5] لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە، کە حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون، قەڵەو و جوانن.

[6] لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون.

[7] ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات، زانی کە خەونە.

[8] ئەوە بوو سەر لە بەیانی دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەرانی میسر و هەموو داناکانی. فیرعەون خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام کەسێک لەنێویان نەبوو بۆی لێکبداتەوە.

[9] ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد.

[10] جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان.

[11] من و ئەو لە یەک شەو خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان.

[12] لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. بۆ ئەومان گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە، بۆ هەریەکەمان بەپێی خەونەکەی لێکی دایەوە.

[13] ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»

[14] فیرعەونیش بەدوای یوسفدا ناردی، ئیتر خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.

[15] فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. بەڵام دەربارەی تۆ بیستوومە کە خەون دەبیستیت هەتا لێکی بدەیتەوە.»

[16] یوسف وەڵامی فیرعەونی دایەوە: «هی من نییە، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»

[17] ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم،

[18] بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و ڕوخسار جوان هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان.

[19] لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار زۆر ناشیرین و لەڕولاواز بوون. لە هەموو خاکی میسر ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو.

[20] ئینجا مانگا لەڕ و ڕوخسار ناشیرنەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد.

[21] چوونە ناو ورگیانەوە، بەڵام پێیانەوە دیار نەبوو کە ئەوانە چوونەتە ورگیانەوە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بەئاگا هاتم.

[22] «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون.

[23] لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون.

[24] گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەس نەبوو بۆم لێکبداتەوە.»

[25] یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند.

[26] حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە.

[27] حەوت مانگا لەڕ و ناشیرنەکان بەدوایاندا هاتنە دەرەوە ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.

[28] «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت، ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی نیشان دا:

[29] حەوت ساڵ دێت تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت.

[30] بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت.

[31] ئیتر بەو تێروتەسەلییەی لە خاکەکەدا بووە نازانرێت، لەبەر ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت، چونکە زۆر گران دەبێت.

[32] سەبارەت بەوەش کە خەونەکە دوو جار بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیار دراوە، خوداش خێرایە لە ئەنجامدانی.

[33] «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا ببینێت و لەسەر خاکی میسر داینێت.

[34] با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە.

[35] ئیتر هەموو خواردنی ئەم ساڵە باشانەی کە دێت کۆدەکەنەوە، لەژێر دەستی فیرعەون گەنم لە ئەمبار بکەن، بۆ خواردن لە شارۆچکەکان دەپارێزرێت.

[36] ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت، ئیتر خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»

[37] ئەم قسانە لەبەرچاوی فیرعەون باش بوو، هەروەها لەبەرچاوی هەموو دەستوپێوەندەکەی.

[38] فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»

[39] ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەدوای ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆت ئاشکرا کرد، ئیتر کوا لە تۆ وردبینتر و داناتر.

[40] تۆ لەسەر ماڵەکەی من دەبیت، هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن، تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»

[41] ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.»

[42] ئینجا فیرعەون ئەنگوستیلەکەی دەستی خۆی داکەند و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد.

[43] پاشان سواری دووەم گالیسکەی خۆی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.

[44] ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.»

[45] فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.

[46] تەمەنی یوسف سی ساڵ بوو کاتێک دەستی بە خزمەتی فیرعەونی پاشای میسر کرد. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی.

[47] لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا زەوی بە پڕی بەروبوومی دا.

[48] یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسردا بوو، لە هەموو شارێکدا خۆراکی دانا، خۆراکی ئەو کێڵگانەش کە لە دەوروبەری شارەکە بوون.

[49] یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر ئیتر وازی لە ژماردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.

[50] پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو.

[51] یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە و گوتی: «چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.»

[52] دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم ، گوتی «چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»

[53] ئەو حەوت ساڵە تێروتەسەلییەی لە خاکی میسردا بوو کۆتایی هات.

[54] ئینجا حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد، وەک یوسف گوتبووی. قاتوقڕی لە هەموو زەویدا بوو، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو.

[55] کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»

[56] قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو.

[57] هەموو زەویش هاتن بۆ میسر هەتا گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو زەویدا توند بوو.

پەیدابوون — Chapters