[1] قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو.
[2] کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.»
[3] بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”بەبێ ئەوەی براکەتان لەگەڵ بێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“
[4] ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین.
[5] بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، بێ ئەوەی براکەتان لەگەڵتان بێت.“»
[6] ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟»
[7] ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟»
[8] یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین.
[9] خۆم زامنی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم،
[10] چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.»
[11] ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن، لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، هەندێک هەتووان و هەنگوین و بەهارات و موڕ و بستە و بادەم.
[12] دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە بە هەڵە چووبێت.
[13] براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە.
[14] خودای هەرە بە توانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.»
[15] پیاوەکانیش ئەم دیارییەیان هەڵگرت و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستیان هەڵگرت و لەگەڵ بنیامین، هەستان و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان.
[16] کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە ئەم پیاوانە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»
[17] ئیتر یوسف چۆنی گوت، پیاوەکە ئاوای کرد، پیاوەکانی بردە ماڵی یوسف.
[18] پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف، گوتیان: «بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم گەڕێنرابووەوە ناو هەگبەکانمان ئێمەیان هێناوەتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.»
[19] ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد.
[20] پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار هاتینە ئێرە بۆ کڕینی خۆراک.
[21] بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە.
[22] هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.»
[23] ئەویش پێی گوتن: «ئاشتیتان بۆ ببێت، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە.
[24] پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان.
[25] ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن.
[26] کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، دیارییەکەیان بۆ هێنا کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە، کڕنۆشیان بۆ برد.
[27] ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟»
[28] ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.
[29] ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.»
[30] ئیتر یوسف پەلەی کرد، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد هەتا تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا.
[31] پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»
[32] ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ ئەوانیش بە جیا، بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد، لەبەر ئەوەی میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو.
[33] کاتێک بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان. بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری.
[34] کاتێک لە خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەڵام بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشەکانی هەموویان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و خەیاڵ بوون .