[1] ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو،
[2] لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو.
[3] یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون.
[4] کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
[5] ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق،
[6] بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.
[7] ئەمەش تەمەنی ئیبراهیمە، سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا.
[8] ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
[9] هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە لەبەردەم مەمرێیە بە خاکیان سپارد، لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتی.
[10] ئەو کێڵگەیەی ئیبراهیم لە حیتییەکان کڕی. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا.
[11] دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.
[12] ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە لە هاجەری میسرییەوە، کەنیزەکەی سارا کە بۆ ئیبراهیمی بوو.
[13] ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار ، ئەدبەئێل، میبسام،
[14] میشماع، دوما، مەسسا،
[15] حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما.
[16] ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، ئەمانەن ناوی هەوار و خێوەتگاکانیان، دوازدە میر بەپێی هۆزەکانیان.
[17] ئەمەش تەمەنی ئیسماعیل بوو، سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
[18] نەوەکەی لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، سنوورەکەیان لە نزیک سنووری میسر بوو لەسەر ڕێگای ئەشوور، بەرامبەر هەموو براکانیان دوژمنایەتییان دەکرد.
[19] ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن. ئیبراهیم ئیسحاقی بوو.
[20] ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای هەتا ببێتە ژنی.
[21] ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو.
[22] هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
[23] یەزدانیش پێی فەرموو: «دوو نەتەوە لە منداڵدانتن، دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە، گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت، گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»
[24] کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک لە منداڵدانی بوو.
[25] ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ .
[26] دوای ئەمە براکەی لەدایک بوو، بە دەستیشی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب . ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
[27] هەردوو کوڕەکە گەورە بوون، عیسۆ بووە پیاوێکی شارەزا لە ڕاو، پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو.
[28] ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی خۆشدەویست.
[29] ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو.
[30] عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! چونکە پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم .
[31] یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»
[32] عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»
[33] بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.
[34] ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، هەستا و ڕۆیشت. بۆیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.