Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:04

[1] یاقوب گوێی لە قسەکانی کوڕەکانی لابان بوو کە گوتبوویان، «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو، یاقوب بردی، لەوەی هی باوکمان بوو هەموو ئەم سامانەی دروستکرد.»

[2] هەروەها یاقوب سەیری لابانی کرد و بینی کە بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.

[3] یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»

[4] یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی بێنە لای لەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە.

[5] پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە.

[6] خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە،

[7] کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات.

[8] کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو.

[9] خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.

[10] «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵ، چاوم هەڵبڕی و لە خەوندا بینیم، وا تەگەکان کە لەگەڵ بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن.

[11] فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“

[12] ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە.

[13] من خودای بێت‌ئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»

[14] ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟

[15] مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ چونکە ئێمەی فرۆشت و ئەو نرخەی پێشمان درابوو خواردی.

[16] هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»

[17] ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد.

[18] هەموو مەڕوماڵات و ئەو دەستکەوتانەی دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی، ئەوەی هەیبوو و لە پەدان ئارام پەیدای کردبوو، بۆ لای ئیسحاقی باوکی چوو لە خاکی کەنعان.

[19] لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێلیش بتەکانی باوکی دزی.

[20] هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات.

[21] ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.

[22] ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە.

[23] ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە.

[24] خودا لە شەودا هاتە خەوی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»

[25] کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا.

[26] لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت.

[27] بۆچی بەدزییەوە ڕات کرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟

[28] تەنانەت بوارت نەدام کوڕ و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد.

[29] لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“

[30] ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی بۆ ماڵی باوکت، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»

[31] یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «چونکە ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە.

[32] ئەوەش کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل دزیویەتی.

[33] ئیتر لابان چووە ناو چادرەکەی یاقوب و چادرەکەی لێئە و چادری هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل.

[34] ڕاحێل بتەکانی بردبوو، خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابانیش هەموو ناو چادرەکە گەڕا بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.

[35] بە باوکی گوت: «گەورەم تووڕە مەبە، ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.

[36] بۆ یاقوب ناخۆش بوو، بەگژ لاباندا چوو، یاقوب بە لابانی گوت: «تاوانم چییە؟ گوناهم چییە، وا گڕت گرت بەدوامدا هاتیت؟

[37] ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.

[38] «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد.

[39] ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو.

[40] بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو.

[41] ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی.

[42] ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا ئێستا بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»

[43] لابانیش وەڵامی دایەوە و بە یاقوبی گوت: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمە، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟

[44] ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین، با ببێتە شایەتی لەنێوان من و تۆ.»

[45] یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا.

[46] ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کردن، لەوێ لەسەر کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد.

[47] لابان ئەوێی ناونا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید.

[48] لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید.

[49] هەروەها ناویش نرا میچپا، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین.

[50] ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە پیاومان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»

[51] هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشا ئەم کۆمەڵە بەردە و ئەم ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا.

[52] ئەم کەڵەکە بەردە شایەتە و ئەم ستوونەش شایەتییە کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کۆمەڵە بەردە و لەم ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت.

[53] با خودای ئیبراهیم و خودای ناحۆر، خودای باوکیان، دادوەری لەنێوانمان بکەن.» ئیتر یاقوب بە ناوی ئەم خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێ دەترسا.

[54] ئینجا یاقوب لەو ناوچەی شاخاویدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشت کرد بۆ نانخواردن. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.

[55] بۆ سبەی بەیانی لابان زوو لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.

پەیدابوون — Chapters