[1] ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە هەتا پێتان ڕابگەیەنم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
[2] «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن، گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
[3] «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت، هێزی منیت و یەکەم توانامیت، سەری شانازی و سەری هێزی.
[4] هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت، چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت، گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
[5] «شیمۆن و لێڤی بران، بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.
[6] من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان، سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، چونکە لە تووڕەبوونیان مرۆڤیان کوشت و لە ئارەزوومەندییان گایان لەپێ خست.
[7] نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە، لە هەڵچوونیان کەوا سەختە. لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
[8] «یەهودا ، براکانت ستایشی تۆ دەکەن، دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت، کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
[9] بەچکە شێرە یەهودا، لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم. خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
[10] داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێو قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
[11] نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە. جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
[12] چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و ددانەکانی لە شیر سپیترن.
[13] «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە بەندەری کەشتییەکان، سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
[14] «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
[15] بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و زەوییەکەی دڵگیرە، شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
[16] «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
[17] دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا، مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو، بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
[18] «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
[19] «چەتە پەلاماری گاد دەدەن، بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
[20] «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت، ئەو خۆشی دەداتە پاشایان.
[21] «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و بەچکەی جوانی دەبێت.
[22] «یوسف مێوێکی بەردارە، مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو، چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
[23] تیرئەندازان بە جۆش پەلاماریان دا و ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
[24] بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە، بازووەکانی دەستی لێزان بوون، بە دەستی توانادارەکەی یاقوب، بە ناوی شوانی بەردەکەی ئیسرائیل ،
[25] بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات، بەهۆی هەرە بە تواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات، بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە، بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
[26] بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی، لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان. با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر تەپڵی سەری جیاکراوە لە براکانی.
[27] «بنیامین گورگێکی دڕندەیە، بەیانییان نێچیر دەخوات و ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
[28] هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
[29] ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە،
[30] لەو ئەشکەوتەی لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە کە ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی.
[31] ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت.
[32] کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی لەناوی بوو لە حیتییەکان کڕدرا بوون.»
[33] کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.