Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:08

[1] یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد.

[2] ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد،

[3] چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کاری مۆمیاکاران تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.

[4] کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن،

[5] کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش با بچم بۆ ئەوەی باوکم بنێژم و دەگەڕێمەوە.»

[6] فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و باوکت بنێژە، وەک چۆن سوێندی داویت.»

[7] ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون،

[8] لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت.

[9] هەر لەگەڵیان گالیسکە و ئەسپ سوار چوون. کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوو.

[10] ئینجا هاتنە سەر جۆخینەکەی ئاتاد، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا، حەوت ڕۆژ یوسف ماتەمی بۆ باوکی دانا.

[11] کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.

[12] کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد.

[13] جا کوڕەکانی هەڵیانگرت بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، کە ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی، ئەوەی ڕووەو مەمرێیە.

[14] ئیتر دوای ناشتنی باوکی، یوسف گەڕایەوە بۆ میسر، خۆی و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون.

[15] کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.»

[16] ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی،

[17] ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.

[18] دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»

[19] بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟

[20] مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر.

[21] ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.

[22] یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا،

[23] منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.

[24] ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.»

[25] ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»

[26] دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.

پەیدابوون — Chapters