Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:40

[1] یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتی‌فەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە بەرەو میسر هێنابوویان.

[2] یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێکی سەرکەوتوو بوو، لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا بوو.

[3] گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات.

[4] یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتی‌فەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم.

[5] ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتی‌فەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر.

[6] ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد. یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو.

[7] دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە لەگەڵم بنوو.»

[8] بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم سەرقاڵی هیچ شتێک نییە کە لە ماڵەکەی هەیە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە.

[9] کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟»

[10] هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ بە یوسفی دەگوتەوە، ئەویش بە قسەی نەکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵی بنووێت و لەگەڵی بێت.

[11] ئەوە بوو ڕۆژێکیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی هاتە ناو ماڵەکە، هیچ کەسێکی ماڵەکەش لە ماڵەوە نەبوو.

[12] ژنەکە کەواکەی گرت و گوتی: «لەگەڵم بنوو!» بەڵام ئەو کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.

[13] کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە،

[14] بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم.

[15] ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.»

[16] کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە.

[17] ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەو گێڕایەوە، پێی گوت: «خزمەتکارە عیبرانییەکەی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاتە ژوورەوە هەتا دەستبازیم لەگەڵ بکات.

[18] بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»

[19] کە گەورەکەی ئەو قسەیەی ژنەکەی خۆی بیست کە بۆی کرد و پێی گوت، «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا.

[20] ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.

[21] بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد.

[22] ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەر کارێک لەوێ هەبوو.

[23] کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، هەر کارێکیشی دەکرد یەزدان سەری دەخست.

پەیدابوون — Chapters