Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:32

[1] یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.»

[2] لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕای گرتن.

[3] فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟» ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.»

[4] هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «بۆ ئاوارەبوون لەم خاکە هاتووین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»

[5] فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ.

[6] خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»

[7] ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد.

[8] فیرعەونیش بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»

[9] یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.»

[10] ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

[11] ئینجا یوسف باوکی و براکانی خۆی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد، لە باشترین زەوی لە خاکی میسر موڵکی پێدان، لە خاکی ڕەعمسێس، بەپێی فەرمانی فیرعەون.

[12] هەروەها یوسف باوکی و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان بە نان بەخێو کرد.

[13] لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو، خاکی میسر و خاکی کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون.

[14] یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسر و خاکی کەنعاندا هەبوون، لە جیاتی ئەو گەنمەی دەیانکڕی، یوسفیش زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون.

[15] کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ بهێنە! بۆچی لەبەردەمت بمرین لەبەر ئەوەی زیو تەواو بوو؟»

[16] یوسفیش پێی گوتن: «ئاژەڵە ماڵاتەکانتان بهێنن، منیش لە جیاتی ماڵاتەکانتان نانتان دەدەمێ، ئەگەر زیو تەواو بووە.»

[17] ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا، ئەویش نانی پێدان، لە جیاتی ئەسپ و مەڕ و بزن و چێڵ و گوێدرێژەکانیان. ئیتر ئەو ساڵە لە جیاتی هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.

[18] کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت.

[19] بۆچی لەپێش چاوت بمرین، خۆمان و زەوییەکەشمان؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»

[20] یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی، چونکە هەرچی میسری هەبوو کێڵگەکەی خۆی فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون.

[21] یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری بە کۆیلە کرد.

[22] تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.

[23] ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «وا ئەمڕۆ خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕی، ئەوەش تۆوە بۆ ئێوە هەتا لە زەوی بیچێنن.

[24] بەڵام کاتێک لە خەرماناندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون، چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»

[25] ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە، خۆزگە گەورەکەمان لێمان ڕازی بووایە و ببینە کۆیلەی فیرعەون.»

[26] ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، هەتا ئەمڕۆش، پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە، تەنها زەوی کاهینەکان نەبێت کە نەبووە هی فیرعەون.

[27] نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوو، لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.

[28] یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ.

[29] کاتێک ڕۆژانی ئیسرائیل نزیک بووەوە لە مردن، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە،

[30] بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.» ئەمیش گوتی: «من بەپێی قسەکەی تۆ دەکەم.»

[31] ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.

پەیدابوون — Chapters