Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:59

[1] لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

[2] ئینجا خودا فەرمووی: «کوڕەکەت، تاقانەکەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاکی مۆریا. لەوێ بیکە قوربانی سووتاندن، لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم.»

[3] بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد، داریشی بڕی بۆ قوربانی سووتاندن. ئینجا هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو.

[4] لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد.

[5] ئیتر ئیبراهیم بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»

[6] ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت، هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.

[7] ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»

[8] ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا بۆ خۆی بەرخێک بۆ قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.

[9] کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست، ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر قوربانگاکە لەسەر دارەکان.

[10] ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت هەتا کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت.

[11] بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

[12] پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا زانیم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»

[13] ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و سەری خست، وەک قوربانی سووتاندن لە جیاتی کوڕەکەی.

[14] ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناونا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»

[15] فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و

[16] گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت،

[17] بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی.

[18] لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»

[19] ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لەلای بیری شابەع نیشتەجێ بوو.

[20] دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە،

[21] عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە.

[22] هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.»

[23] بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. ئەم هەشتە لە میلکە بوون بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم.

[24] کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.

پەیدابوون — Chapters