[1] ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
[2] ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن.
[3] دەبا هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»
[4] ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.
[5] ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
[6] یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان.
[7] لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێتئێل ، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.
[8] دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
[9] کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.
[10] خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
[11] ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.
[12] ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»
[13] ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.
[14] یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد.
[15] یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
[16] ئینجا لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار.
[17] ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.»
[18] ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەنئۆنی . بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین .
[19] ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە.
[20] یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
[21] ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.
[22] کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە. یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
[23] کوڕەکانی لێئە: ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب. شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
[24] کوڕەکانی ڕاحێل: یوسف و بنیامین
[25] کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل: دان و نەفتالی.
[26] کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە: گاد و ئاشێر. ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
[27] یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون.
[28] تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو.
[29] ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.