[1] هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، ڵوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک ڵوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
[2] ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.» فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
[3] بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان.
[4] پێش ئەوەی ڕاکشێن، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەورەی ماڵەکەیان دا.
[5] ئینجا ڵوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان هەتا لاقەیان بکەین.»
[6] ڵوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست.
[7] گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن.
[8] من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
[9] ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەمە هاتووە بۆ ئەوەی پەناهەندە بێت لەنێوانمان و دەیەوێت ببێتە دادوەر لەسەرمان. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر زۆریان لە ڵوت کرد و هاتنە پێشەوە هەتا دەرگاکە بشکێنن.
[10] بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و ڵوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست.
[11] ئەو پیاوانەش کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، کوێرییان کردن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکی ئەوەیان کەوت کە دەرگاکە بدۆزنەوە.
[12] ئینجا دوو پیاوەکە بە ڵوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە، زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسانێکی دیکەش کە لە شارەکەدا هەتن؟ هەموویان لێرە ببە دەرەوە،
[13] چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاواریان لە دژی خەڵکەکەی مەزن بووە، یەزدانیش ئێمەی ناردووە هەتا وێرانی بکەین.»
[14] ئیتر ڵوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواکانی کرد کە کچەکانی ئەمیان خواستبوو. گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواکانی.
[15] لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە ڵوت کرد و پێیان فەرموو: «خێراکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
[16] بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان.
[17] جا کە هێنایاننە دەرەوە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
[18] بەڵام ڵوت پێی گوتن: «نا، گەورەم!
[19] خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم.
[20] تەماشا ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
[21] ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم.
[22] بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر .
[23] کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵوت گەیشتە ناو زۆعەر.
[24] ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند، لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە.
[25] هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد.
[26] بەڵام ژنی ڵوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
[27] بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەبەردەم یەزدان داکۆکی کردبوو.
[28] ڕوانییە سەدۆم و عەمۆرا و هەموو زەوی دەوروبەرەکە، سەیری کرد وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
[29] ئینجا کە خودا شارۆچکەکانی دەوروبەرەکەی وێران کرد، خودا ئیبراهیمی هاتەوە یاد و ڵوتی لەناو ئەو سەرەوژێرکردنە هێنایە دەرەوە، کاتێک ئەو شارانەی سەرەوژێر کرد کە ڵوت تێیدا دانیشتبوو.
[30] ئینجا ڵوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون.
[31] کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بەلاماندا بێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە.
[32] وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵی ڕاکشێین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
[33] ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
[34] بۆ ڕۆژی دوایی کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ شەو لەگەڵ باوکم ڕاکشام. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و لەگەڵی ڕاکشێ. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.»
[35] ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و لەگەڵی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
[36] ئیتر هەردوو کچەکەی ڵوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو.
[37] گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ.
[38] هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەنعەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.