[1] ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.»
[2] پاشان هابیلی برای بوو. ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو.
[3] دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد.
[4] هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون.
[5] بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون. جا قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.
[6] یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟
[7] ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»
[8] جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» واش ڕوویدا کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.
[9] یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، خۆ من پاسەوانی براکەم نیم؟»
[10] جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات.
[11] ئێستاش تۆ نەفرەت لێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ.
[12] کاتێک ئیش لە زەوییەکە بکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»
[13] قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم.
[14] ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»
[15] بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد هەتا هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت.
[16] ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.
[17] قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناونا حەنۆخ.
[18] حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.
[19] لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو.
[20] لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و ئەوانەی کە خاوەن مەڕوماڵات بوون.
[21] براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا.
[22] چیلاش کوڕێکی بوو توبەل قەین کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن بوون. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.
[23] لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت: «عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت، ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن. پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم، لاوێکێش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
[24] ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ ئەوا حەفتا و حەوت جار.»
[25] جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «خودا لە جیاتی هابیل کوڕێکی دیکەی بۆ دیاری کردم، ئەوەی قایین کوشتی.»
[26] هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش. لەو کاتە بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە .