Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:56

[1] ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش هەردوو کوڕەکەی خۆی مەنەشە و ئەفرایمی لەگەڵ خۆی برد.

[2] بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت دێتە لای تۆ.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و هەر لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت.

[3] ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بە توانام لە لوز لە خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم.

[4] پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم، دەتکەمە چەندین نەتەوە، ئەم زەوییەش لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت، بە موڵکی هەتاهەتایی.“

[5] «ئێستاش دوو کوڕەکەی خۆت کە لە خاکی میسر بۆت لەدایک بوون پێش ئەوەی من لە میسر بێمە لات ئەوا بۆ منن، ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم.

[6] بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمان لەدایک دەبن بۆت ئەوا دەبنە هی تۆ، لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت.

[7] خۆشم لە هاتنم لە پەدانەوە ڕاحێل لەلام مرد، لە خاکی کەنعان لە ڕێگا کە ماوەیەکی کەمی مابوو بگەمە ئەفرات. هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» کە بێت‌لەحمە.

[8] ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟»

[9] یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.» ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.»

[10] هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن.

[11] ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.»

[12] یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.

[13] ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل، لێ نزیک خستنەوە.

[14] بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو.

[15] ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی: «ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی کرد، ئیبراهیم و ئیسحاق، ئەو خودایەی کە شوانایەتی کردووم لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ،

[16] ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە، ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات. با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن، با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.»

[17] کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت هەتا لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە.

[18] یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.»

[19] بەڵام باوکی ڕازی نەبوو، گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.»

[20] ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی: «بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات: ”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“» جا ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە.

[21] ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان.

[22] منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمورییەکان وەرمگرت.»

پەیدابوون — Chapters