[1] کاتێک مرۆڤ دەستیان بە زیادبوون کرد لەسەر ڕووی زەوی و کچیان بوو،
[2] کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا.
[3] ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
[4] لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
[5] یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە.
[6] یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو.
[7] ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.»
[8] بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
[9] ئەمانەش نەوەکانی نوحن. نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو.
[10] نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
[11] زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی.
[12] خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
[13] ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم.
[14] کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە.
[15] ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.
[16] بە ئەندازەی باڵێک بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە.
[17] من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت.
[18] بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت.
[19] لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی.
[20] جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی.
[21] تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»
[22] جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.