Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:59

[1] کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی کز بوون بۆ بینین، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

[2] ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم.

[3] ئێستاش چەکەکەت، تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ دەشتودەر، نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە.

[4] ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»

[5] ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە.

[6] ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «وا گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی:

[7] ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“

[8] ئێستاش، کوڕی خۆم، گوێم لێ بگرە، لەوەی من فەرمانت پێدەدەم:

[9] بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، هەتا لێیان بنێم بۆ باوکت، وەک ئەوەی حەزی لێیەتی.

[10] ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»

[11] یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم.

[12] ڕەنگە باوکم دەستم لێ بدات؟ خۆ لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم، نەک بەرەکەت.»

[13] دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»

[14] ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، وەک ئەوەی باوکی حەزی لێ دەکرد.

[15] ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد.

[16] دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی.

[17] ئینجا خواردنەکە و نانەکەی دروستی کردبوون دایە دەست یاقوبی کوڕی.

[18] یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»

[19] یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

[20] ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟» ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»

[21] ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»

[22] یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.»

[23] ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، ئەویش داوای بەرەکەتی بۆ کرد.

[24] پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟» ئەویش گوتی: «منم.»

[25] ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.» ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە.

[26] ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»

[27] ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم وەک بۆنی دەشتودەرە کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.

[28] با خودا لە شەونمی ئاسمان و لە چەوری زەویت بداتێ، هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.

[29] با گەلان ببنە خزمەتکارت، نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن. ببە بە سەروەری براکانت، کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن. با نەفرەت لێکەرانت نەفرەت لێکراو بن و ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»

[30] پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە.

[31] ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بۆ باوکی بردە ژوورەوە، بە باوکی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

[32] ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.»

[33] ئیتر ئیسحاق لەرزینێکی زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»

[34] عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست هاواری کرد، هاوارێکی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»

[35] بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»

[36] عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“ ؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»

[37] ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»

[38] عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکە باوکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.

[39] ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە: «نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت، دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.

[40] لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و دەبیتە خزمەتکاری براکەت. بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت، نیرەکەی دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»

[41] ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»

[42] ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت.

[43] ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان.

[44] بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە.

[45] کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتانم لەکیس بچێت؟»

[46] ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»

پەیدابوون — Chapters