[1] دوای ماوەیەک ساقی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە گەورەکەیان پاشای میسر کرد.
[2] جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی تووڕە بوو، سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان.
[3] ئیتر هەردووکیانی خستە زیندانەکەی ناو ماڵەکەی سەرۆکی پاسەوانەکان، ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو.
[4] سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن. ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە.
[5] ئینجا ساقی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون هەردووکیان، لە یەک شەودا خەونیان بینی، خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەیان.
[6] بۆ سبەی بەیانی یوسف هاتە لایان، سەیری کردن هەردووکیان ماتومەلوولن.
[7] ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»
[8] وەڵامیان دایەوە: «خەونمان بینیوە، بەڵام کەسێک نییە لێکیان بداتەوە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»
[9] سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو.
[10] سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەر کە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ.
[11] جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون، جامەکەم دایە دەستی فیرعەون.»
[12] یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن.
[13] لە ماوەی سێ ڕۆژدا فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت.
[14] کاتێک ژیانت باش دەبێت منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لەلای فیرعەون ناوم بهێنیت و لەم ماڵە دەرمبهێنیت،
[15] چونکە لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم، لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»
[16] کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو.
[17] سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»
[18] یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن.
[19] لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت پەلدەدات و جەستەکەت لەسەر دارێک دەچەقێنێت، باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»
[20] ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد.
[21] سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون.
[22] بەڵام سەرۆکی نانەواکانی کوشت، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.
[23] سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.