Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:32

[1] یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد.

[2] ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو.

[3] ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق.

[4] کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو.

[5] تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.

[6] سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.»

[7] هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»

[8] کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد.

[9] بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد.

[10] جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»

[11] ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی.

[12] بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.

[13] هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»

[14] سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.

[15] کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا.

[16] ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.

[17] خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە.

[18] هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»

[19] ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.

[20] خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ.

[21] لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.

[22] لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە.

[23] ئێستاش ئا لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی نە لە خۆم و نە لە منداڵم و نە لە نەوەم نەکەیت. بەڵکو وەک ئەو چاکەیەی لەگەڵ تۆدا کردم لەگەڵم دەکەیت، هەروەها لەگەڵ ئەو خاکەی کە تێیدا ئاوارە بوویت.»

[24] ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»

[25] ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو.

[26] بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»

[27] ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست.

[28] ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت.

[29] ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕات گرتوون؟»

[30] ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.»

[31] لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناونا بە بیری شابەع ، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.

[32] لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان.

[33] ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد.

[34] ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.

پەیدابوون — Chapters