[1] وا ڕوویدا کە لە سەردەمی ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم،
[2] ئەمانە جەنگیان بەرپا کرد لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە.
[3] هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو .
[4] بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
[5] لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم،
[6] هەروەها حۆرییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، هەتا ئێیل پاران لە نزیک بیابان.
[7] ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمورییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
[8] ئینجا پاشای سەدۆم و پاشای عەمۆرا و پاشای ئەدما و پاشای چەبۆئیم و پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست،
[9] لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج.
[10] دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو لە چاڵە قیڕ. کاتێک هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا هەڵاتن و لەوێ کەوتن، ئەوانی دیکەش بۆ چیاکان هەڵاتن.
[11] ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەکەکانی سەدۆم و عەمۆرا و هەموو خۆراکەکانیان بردن و ڕۆیشتن.
[12] هەروەها ڵوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
[13] یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەموری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون.
[14] کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت.
[15] کە شەویش داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون، جا هێرشی بردە سەریان و تەفروتونایان کردن و تاکو حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە.
[16] جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها ڵوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
[17] دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
[18] مەلکیسادقی پاشای شالیمیش نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو کاهینی خودای هەرەبەرز بوو.
[19] داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
[20] ستایش بۆ خودای هەرەبەرز کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
[21] ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
[22] بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
[23] کە ئەگەر تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگییەکی پێڵاوەکانت یان هەر شتێک لە شتەکانی تۆ ببەم، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“
[24] تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ، ئەوان بەشی خۆیان وەردەگرن.»