Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:27

[1] ئینجا قاتوقڕی لە خاکەکە سەریهەڵدا، جیا لەو قاوتوقڕییەی یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیم ڕوویدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار.

[2] یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم.

[3] بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە.

[4] نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.

[5] لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»

[6] ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو.

[7] پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»

[8] کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە.

[9] ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟» ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە وا بیرم کردەوە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»

[10] ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت بنوستایە، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»

[11] ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»

[12] ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد، هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، یەزدانیش بەرەکەتداری کرد.

[13] ئیتر پیاوە دەوڵەمەند بوو، سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو.

[14] ئینجا بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد.

[15] هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.

[16] ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»

[17] ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا، لەوێ نیشتەجێ بوو.

[18] ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.

[19] خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە.

[20] بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناونا «عێسەق»، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی.

[21] ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا.

[22] ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، ناکۆک نەبوون لەسەری، ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت، گوتی: «چونکە ئێستا یەزدان بۆی فراوان کردین، لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»

[23] ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو.

[24] جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم، لەبەر ئیبراهیمی بەندەم.»

[25] ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.

[26] هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای.

[27] ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوونەتە لام، کە خۆتان ڕقتان لێم بووەوە و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»

[28] ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین،

[29] کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد، بەڵام لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت، بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»

[30] ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە.

[31] بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.

[32] ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند، پێیان گوت: «ئاومان دۆزییەوە.»

[33] ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.

[34] عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ و ژنی هێنا، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی.

[35] بۆ ئیسحاق و ڕڤقە بوونە مایەی خەم و خەفەت.

پەیدابوون — Chapters