Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:37

[1] ئەوە بوو یەهودا لەو سەردەمەدا لەلای براکانی دابەزی و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو.

[2] لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت، پیاوەکەش ناوی شوەع بوو. ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست.

[3] ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر.

[4] جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان.

[5] دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب بوو، ئەم کوڕەی بوو.

[6] یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو.

[7] بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.

[8] ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و بڕۆ بەلای، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.»

[9] بەڵام ئۆنان ئەوەی زانی کە نەوەکە هی ئەم نابێت، ئیتر هەر کاتێک لەگەڵ ژنی براکەی دەنوست، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە.

[10] ئەم کردارەی ئەو لەلای یەزدان کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.

[11] یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» چونکە بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.

[12] دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. دوای ئەوەی دڵنەوایی بووە، یەهودا لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.

[13] کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،»

[14] ئەویش جلوبەرگی بێوەژنی داکەند و بە ڕووپۆش خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە، لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە سەیری کرد وا شالەح گەورەش بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.

[15] کە یەهودا بینی وایزانی ئافرەتی لەشفرۆشییە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشی بوو.

[16] ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با لەگەڵت بنووم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی. ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی لەگەڵم بنوویت؟»

[17] ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.» ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟»

[18] ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟» ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و لەگەڵی نوست، ئیتر سکی لێی پڕبوو.

[19] ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.

[20] هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە.

[21] ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟» ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.»

[22] ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»

[23] یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»

[24] نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.» یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!»

[25] ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»

[26] یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر لەگەڵی نەنوستەوە.

[27] کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک لە سکی بوو.

[28] لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.»

[29] بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز .

[30] لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح .

پەیدابوون — Chapters