[1] ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی.
[2] جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.
[3] کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن.
[4] کاتێک کە لە شار ڕۆیشتن، هێشتا دوور نەکەوتبوونەوە، یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟
[5] ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ ئەوەی کردتان کارێکی خراپ بوو.“»
[6] ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن.
[7] بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن.
[8] ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، وا لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟
[9] لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»
[10] ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»
[11] ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە.
[12] ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە!
[13] ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.
[14] ئینجا یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، ئەویش خۆی هێشتا لەوێ بوو، ئیتر لەبەردەمی کەوتنە سەر زەوی.
[15] یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»
[16] یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین. خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»
[17] بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»
[18] ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. ڕقیشت لە خزمەتکاری خۆت هەڵنەستێت، چونکە تۆ وەک خودی فیرعەونیت.
[19] گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“
[20] ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە، کوڕێکی بچووکی تەمەنی پیری ئەویشمان هەیە، براکەی مردووە و خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە، باوکیشی خۆشی دەوێت.“
[21] «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن هەتا بە چاوی خۆم بیبینم.“
[22] ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“
[23] بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەهات، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“
[24] ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکمان، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.
[25] «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“
[26] بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین، تەنها ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە چاوی پیاوەکە بکەوێت و برا بچووکەکەشمان لەگەڵ نەبێت.“
[27] «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە،
[28] یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە.
[29] خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“
[30] «ئێستاش ئەگەر بچمەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکم، کوڕەکەشمان لەگەڵ نەبێت و گیانیشی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە،
[31] ئیتر هەر کە بینی کوڕەکە دیار نییە، ئەوا بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەر سپی خزمەتکارت، باوکمان، بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووان،
[32] چونکە خزمەتکاری خۆت زامنی سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“
[33] «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە.
[34] چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم و ئەو کوڕە لەگەڵ من نەبێت؟ نەوەک ئەو مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»