Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:05

[1] کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»

[2] تووڕەیی یاقوب لە ڕاحێل جۆشا، گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»

[3] ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. لەگەڵی بنوو هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»

[4] جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ هەتا ببێتە ژنی. یاقوبیش لەگەڵی نوست.

[5] بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.

[6] ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری لێکردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، کوڕێکی دامێ.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان .

[7] دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.

[8] ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.

[9] کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی.

[10] زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.

[11] لێئە گوتی: «بە بەختەوەری!» ئیتر ناوی لێنا گاد.

[12] زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.

[13] لێئەش گوتی: «بە خۆزگە پێخوازراویم! چونکە کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر .

[14] لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»

[15] بەڵام لێئە گوتی: «بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟» ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنووێت.»

[16] کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دێیتە لای خۆم، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نوست.

[17] خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو.

[18] ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار .

[19] دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو.

[20] ئینجا لێئە گوتی: «خودا بە خەڵاتێکی باش خەڵاتی کردم. ئێستا مێردەکەم گوزەرانم لەگەڵ دەکات، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.

[21] دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.

[22] خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد ، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی کردەوە.

[23] ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.»

[24] ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»

[25] لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم.

[26] ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت ئەو خزمەتەی خزمەتم کردوویت.»

[27] بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.»

[28] ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»

[29] یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چەند خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە،

[30] چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، دوای هاتنم زۆر پەرەی سەند و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»

[31] ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟» یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم.

[32] ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن.

[33] سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»

[34] لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.»

[35] هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی.

[36] ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، یاقوبیش شوانی پاشماوەی مەڕەکانی لابانی دەکرد.

[37] یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چناری هێنا و خەتی سپی لەسەر کێشان، بە پاککردنەوەی توێکڵەکانیان لە شوێنی هێڵەکان و دەرخستنی سپیێتییەکەی ژێریان.

[38] ئینجا چڵە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە ڕاگرت، کە مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە بۆی دەهاتن، بەرامبەر بە مەڕەکان، هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بەتەگەبێن.

[39] جا مەڕەکان لەلای چڵەکان پەڕین و مەڕەکان بەچکەی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو.

[40] ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی لە خەتدارەکان و ڕەشەکان کرد لە مەڕەکانی لابان. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان.

[41] ئەوە بوو هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان بە تەگە دەهاتن، یاقوب لەپێش چاویان چڵەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵەکان جووت ببن.

[42] بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون داینەدەنان، جا لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب.

[43] ئینجا پیاوەکە زۆر بەرفراوان بوو، ئیتر مەڕی زۆری هەبوو، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.

پەیدابوون — Chapters