[1] قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:
[2] چی ڕۆڵە؟ چی ڕۆڵەی هەناوم؟ چی ڕۆڵەی نەزرەکانم؟
[3] هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.
[4] ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
[5] نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
[6] ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
[7] با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.
[8] دەمت بکەرەوە بۆ لاڵ ، بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
[9] دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.
[10] کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە.
[11] مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت.
[12] چاکەی بۆ دەکات نەک خراپە بە درێژایی ژیانی.
[13] خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
[14] وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
[15] هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
[16] لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
[17] ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات.
[18] دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
[19] خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە.
[20] دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
[21] ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە.
[22] چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
[23] مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
[24] کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات.
[25] هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە.
[26] دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
[27] چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات.
[28] منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات:
[29] «زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
[30] شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
[31] بەری دەستی خۆی بدەنێ و با لە دەروازەکانی شاردا کردەوەکانی ستایشی بکەن.