Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:21

[1] شانازی بە سبەینێ مەکە، چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.

[2] با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت، بێگانە نەک لێوەکانت.

[3] بەرد قورسە و لم بە سەنگە، بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.

[4] هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە، بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟

[5] سەرزەنشتی ئاشکرا لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.

[6] برینی دۆست دڵسۆزییە، بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.

[7] کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت، بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.

[8] وەک چۆلەکەی وێڵ بوو لە هێلانەکەی، ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.

[9] بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن، شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.

[10] واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە، لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات، دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.

[11] ڕۆڵە، دانابە و دڵم خۆش بکە، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.

[12] ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.

[13] ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە ، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.

[14] ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا، بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.

[15] دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران، هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.

[16] ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات، بە دەستە ڕاستی زەیت دەگرێت.

[17] ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.

[18] ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات، ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.

[19] وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت، ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.

[20] جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن، هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.

[21] بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.

[22] هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی، لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون، گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.

[23] باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە، دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،

[24] چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە، تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.

[25] کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت، گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،

[26] بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.

[27] بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.

پەندەکانی سلێمان — Chapters