[1] بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت؟ بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە.
[2] کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت، بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات.
[3] ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە، بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە.
[4] ئەوانەی واز لە تەورات دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن، بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن.
[5] پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن.
[6] باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت، لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە.
[7] ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە، بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات.
[8] ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات، بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە.
[9] ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم، تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە.
[10] ئەوەی سەرڕاستان وێڵی ڕێگای خراپە بکات، دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە، بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت.
[11] دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە، بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت.
[12] لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە، بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە.
[13] ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.
[14] خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت، بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە.
[15] وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە، فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە.
[16] فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت.
[17] ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت. با کەس پشتیوانی نەکات.
[18] ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت.
[19] ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت.
[20] کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە، بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت.
[21] لایەنگری باش نییە، بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات.
[22] کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی، بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت.
[23] ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت لەوەی زمانلووسی دەکات.
[24] ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!» ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە.
[25] چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن.
[26] ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە، بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت.
[27] ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت، بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.
[28] بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان گەشە دەکەن.