[1] پەندەکانی سلێمان: کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.
[2] بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
[3] یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن، بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.
[4] دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری، بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.
[5] ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە، بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.
[6] بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
[7] یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە، بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.
[8] ئەوەی دڵی دانابێت فەرمان وەردەگرێت، بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.
[9] ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.
[10] چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار، گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.
[11] دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە و بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
[12] ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.
[13] لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە، کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.
[14] داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە، بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.
[15] سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.
[16] کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە، بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.
[17] ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.
[18] ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.
[19] قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.
[20] زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە، بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.
[21] لێوەکانی کەسی ڕاستودروست، ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن، بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.
[22] بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.
[23] وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن، بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.
[24] ترسی بەدکار بۆی دێت، ئارەزووی ڕاستودروستانیش پێیان دەبەخشرێت.
[25] وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.
[26] وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو، کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.
[27] لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات، بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.
[28] هیوای ڕاستودروستان خۆشییە، بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.
[29] ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن، بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.
[30] کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت، بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی نیشتەجێ نابن.
[31] دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت، بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.
[32] لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن، بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.