Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:49

[1] ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم، گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،

[2] تاکو سەلیقەت بپارێزیت و لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت.

[3] چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت، قسەی لە ڕۆن لووسترە.

[4] بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە، وەک شمشێری دوو دەم تیژە.

[5] پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن، هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.

[6] سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان، هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.

[7] ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.

[8] ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە، لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،

[9] نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،

[10] نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.

[11] لە کۆتاییتدا دەناڵێنیت، کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.

[12] دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە، دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.

[13] گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.

[14] کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە، لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»

[15] لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە، لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.

[16] ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان، جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟

[17] با تەنها بۆ تۆ بێت، بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.

[18] با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت، بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.

[19] ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ، با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن، بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.

[20] کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟ بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟

[21] چونکە ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە، هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.

[22] بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو، بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.

[23] لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت، لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.

پەندەکانی سلێمان — Chapters