Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:23

[1] دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.

[2] سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە، هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.

[3] کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات، لەسەر بەرزاییەکانی شار:

[4] «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

[5] «وەرن، لە نانی من بخۆن و لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.

[6] واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین، بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»

[7] ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت، ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.

[8] سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە، سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.

[9] ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت، کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.

[10] لەخواترسی سەرەتای داناییە، ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە.

[11] چونکە بە من ڕۆژگارت زیاد دەکات، ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.

[12] ئەگەر دانا بیت، بۆ خۆت دانایت، ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.

[13] گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە، ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.

[14] لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت، لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،

[15] بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان، ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:

[16] «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

[17] «ئاوی دزراو شیرینە، نانی بە دزی بەتامە.»

[18] بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن، میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.

پەندەکانی سلێمان — Chapters