[1] ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت، فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
[2] هەتا گوێ بدەیتە دانایی و دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
[3] ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
[4] ئەگەر وەک زیو داوات کرد و وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
[5] ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و ناسینی خودا دەدۆزیتەوە.
[6] چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت، زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
[7] دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
[8] بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
[9] ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت، هەموو ڕێڕەوێکی چاک.
[10] چونکە دانایی دێتە ناو دڵتەوە و زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت.
[11] سەلیقە دەتپارێزێت و تێگەیشتن چاودێریت دەکات.
[12] بۆ فریاکەوتنت لە ڕێگای خراپە و لەو کەسەی قسەی خوار دەکات،
[13] ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
[14] ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن، دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
[15] ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن، گەوجن لە ڕێڕەویان.
[16] هەروەها بۆ فریاکەوتنتە لە ژنی بەدڕەوشت، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
[17] ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
[18] چونکە ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
[19] هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و ناگەنە ڕێچکەی ژیان.
[20] کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە.
[21] چونکە سەرڕاستان لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبن و تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە.
[22] بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی دەبڕێنەوە و ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.