Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:10

[1] ئامادەکاریەکانی دڵ هی مرۆڤە، بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.

[2] هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن، بەڵام یەزدانە پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.

[3] کارەکانت بە یەزدان بسپێرە، پلانەکانت جێگیر دەبێت.

[4] یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە، تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.

[5] یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە، بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.

[6] بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت بۆ تاوان دەکرێت، بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.

[7] ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت دەبنەوە.

[8] باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.

[9] دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت، بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.

[10] قسەی پاشا وەک سروشە ، دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.

[11] قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە، هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.

[12] قێزی پاشایان لە خراپەکردنە، چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.

[13] ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە، کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.

[14] تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە، بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.

[15] ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە، ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.

[16] دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە، دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.

[17] ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە، ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.

[18] لەپێش شکان لووتبەرزییە، لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.

[19] باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت، لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.

[20] ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت، ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

[21] ئەوەی لە دڵدا دانابێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو، شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.

[22] وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی، بەڵام تەمبێکردنی گێلەکان گێلایەتییە.

[23] دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.

[24] قسەی جوان شانەی هەنگوینە، بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.

[25] ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

[26] نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات، برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.

[27] کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات و لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.

[28] کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

[29] کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.

[30] ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت، ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.

[31] ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە، لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.

[32] ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە، هەروەها ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.

[33] تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش، بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.

پەندەکانی سلێمان — Chapters