[1] وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە، بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.
[2] زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە، بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت.
[3] چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە، چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.
[4] هێمنی زمان درەختی ژیانە، بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە.
[5] گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات، بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت.
[6] لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە، بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە.
[7] لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە.
[8] قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان، بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات.
[9] قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە، بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە.
[10] تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە، ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت.
[11] جیهانی مردووان و لەناوچوون لەبەردەم یەزدانن، لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!
[12] گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات، بۆ لای دانایان ناچێت.
[13] دڵی شادمان ڕووخۆش دەکات، بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.
[14] دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت، بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت.
[15] هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە، بەڵام دڵتەڕ هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.
[16] باشترە کەمت هەبێت لەگەڵ لەخواترسی لە گەنجینەی گەورە لەگەڵ سەرلێشێوان.
[17] باشترە سەوزە خواردن لەو شوێنەی خۆشەویستی لێیە لە گایەکی قەڵەو و ڕقی لەگەڵ بێت.
[18] کەسی سەرگەرم ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام کەسی هێمن دوژمنایەتی ئارام دەکاتەوە.
[19] ڕێگای تەمبەڵ وەک پەرژینی دڕکە، بەڵام ڕێگای سەرڕاستان تەخت کراوە.
[20] کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام گێل دایکی خۆی ڕیسوا دەکات.
[21] گێلایەتی خۆشییە بۆ کەسی تێنەگەیشتوو، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بە ڕێکی ڕەفتار دەکات.
[22] پلان بەبێ ڕاوێژ پووچەڵ دەبێت، بەڵام بە زۆری ڕاوێژکاران سەردەکەوێت.
[23] دڵخۆشییە بۆ مرۆڤ وەڵامی گونجاو، قسەش لە کاتی خۆیدا چەند باشە!
[24] ڕێچکەی ژیان بۆ کەسی وریا بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی لە دابەزین بەرەو جیهانی مردووان بیپارێزێت.
[25] یەزدان ماڵی لووتبەرزان ڕیشەکێش دەکات، بەڵام سنووری ماڵی بێوەژن دەچەسپێنێ.
[26] قێزی یەزدان لە پیلانی بەدە، بەڵام قسەی شیرین پاکە.
[27] ئەوەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوە بێت ماڵی خۆی تێکدەدات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە بەرتیل ببێتەوە دەژیێت.
[28] دڵی کەسی ڕاستودروست بیر لە وەڵام دەکاتەوە، بەڵام دەمی بەدکاران خراپەی لێ هەڵدەڕژێت.
[29] یەزدان لە بەدکاران دوورە، بەڵام گوێی لە نوێژی ڕاستودروستان دەبێت.
[30] ڕووناکی چاو دڵ خۆش دەکات، مژدەش ئێسک تەندروست دەکات.
[31] ئەوەی گوێ لە سەرزەنشتی بەرەو ژیان بگرێت لەناو دانایان نیشتەجێ دەبێت.
[32] پشتگوێخەری تەمبێکردن گیانی خۆی ڕیسوا دەکات، بەڵام ئەوەی گوێ لە سەرزەنشت دەگرێت تێگەیشتنی دەستدەکەوێت.
[33] ترسی یەزدان مرۆڤ بەرەو دانایی دەبات، پێش ڕێزلێنانیش بێفیزییە.