[1] باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.
[2] بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.
[3] بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.
[4] بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت، درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.
[5] ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.
[6] منداڵی منداڵ تاجی پیرانە، شانازی کوڕانیش باوکانن.
[7] قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.
[8] بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی، ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.
[9] ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات، بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
[10] سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.
[11] کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە، لەبەر ئەوە فریشتەی مەرگی بۆ دەنێردرێت.
[12] باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت، نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.
[13] ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە، خراپە ماڵی بەرنادات.
[14] دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە، جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.
[15] بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست، هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.
[16] بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟ کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!
[17] برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت، براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.
[18] کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات و بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.
[19] ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات، ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.
[20] ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی، ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.
[21] ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت، باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.
[22] دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.
[23] بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.
[24] کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە، بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.
[25] کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.
[26] پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە، هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.
[27] ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە، ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.
[28] تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت، ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.