Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:56

[1] ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە، ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،

[2] چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.

[3] بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت، بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،

[4] بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.

[5] پیاوی دانا بەتوانایە، کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.

[6] چونکە بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت، سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.

[7] دانایی بەرزە بۆ گێل، لە کۆڕی ناو دەروازەدا دەمی لێک ناکاتەوە.

[8] ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە، بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.

[9] پیلانی گێلایەتی گوناهە، خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.

[10] ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، کەم هێزیت!

[11] ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.

[12] ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،» ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟ ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟ ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟

[13] ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ چونکە باشە و شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،

[14] هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە. ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و ئومێدبڕ نابیت.

[15] وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست، هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،

[16] چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.

[17] بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،

[18] نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.

[19] مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،

[20] چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

[21] ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،

[22] چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟

[23] هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.

[24] ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.

[25] بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.

[26] وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە.

[27] کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.

[28] بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە.

[29] مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»

[30] بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.

[31] چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.

[32] تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت:

[33] کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،

[34] ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.

پەندەکانی سلێمان — Chapters