Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:30

[1] شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات، ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.

[2] هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.

[3] وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو، بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.

[4] لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت، بۆیە لە دروێنەدا سواڵ دەکات و دەستی ناکەوێت.

[5] پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە، بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.

[6] زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن، بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟

[7] کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات، دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.

[8] پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری، بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.

[9] کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت، پاک بوومەوە لە گوناهم»؟

[10] دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ ، هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.

[11] تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت، ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.

[12] گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت، یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.

[13] حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت، چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.

[14] کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!» بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.

[15] زێڕ هەیە و یاقووت زۆرە، بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.

[16] ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.

[17] بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ، بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.

[18] پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی، بە ڕاوێژ بجەنگە.

[19] دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.

[20] ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات، لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.

[21] میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت کۆتاییەکەی بێ بەرەکەت دەبێت.

[22] مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.» چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.

[23] یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە، تەرازووی لاسەنگ باش نییە.

[24] هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە، ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟

[25] تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات، ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.

[26] پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات، بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.

[27] چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت، هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.

[28] خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن، بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.

[29] شانازی لاوان هێزیانە، ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.

[30] برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە، لێدانی قامچیش ناخی دەروون.

پەندەکانی سلێمان — Chapters