[1] ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت، ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد ،
[2] ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت، بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت،
[3] ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە، چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت، بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە.
[4] خەو مەدە چاوەکانت و پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن.
[5] وەک مامز خۆت لەناو دەست دەرباز بکە، وەک چۆلەکە لە دەستی ڕاوچی.
[6] ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە، بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.
[7] بێ ئەوەی پێشەوا و کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،
[8] بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.
[9] ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟ کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟
[10] کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
[11] ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.
[12] کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار، بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،
[13] چاوی دەقوچێنێت و بەپێی ئاماژە دەکات و بە پەنجە دەریدەبڕێت،
[14] فێڵ لە دڵیدایە، خراپە دادەهێنێت، هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.
[15] لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت، لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.
[16] شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە، حەوتیش قێزەونە لەلای:
[17] چاوی بەفیز، زمانی درۆزن، دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،
[18] دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت، پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،
[19] شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.
[20] ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.
[21] هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.
[22] لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن، لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن.
[23] چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە، سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،
[24] بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت، لە زمانلووسی داوێنپیس.
[25] لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە، با بە برژانگەکانی نەتبات،
[26] چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت، بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات.
[27] ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و جلەکانی نەسووتێت؟
[28] یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و پێیەکانی داغ نەبێت؟
[29] ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە، هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت.
[30] سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە.
[31] هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە، ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت.
[32] بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە، هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت.
[33] تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە،
[34] چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت، لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە،
[35] چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە، بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت.