[1] ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
[2] ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت، فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت.
[3] بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
[4] بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی.» تێگەیشتنیش ناوبنێ خزم،
[5] بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
[6] لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە ڕوانیم،
[7] لەناو ساویلکەکاندا بینیم، لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
[8] لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە، ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
[9] لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر، لەژێر تاریکایی شەو.
[10] ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو، لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
[11] (بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە، پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
[12] پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە، لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
[13] گەنجەکەی گرت و ماچی کرد، بێ ئابڕووانە پێی گوت:
[14] «قوربانی هاوبەشیم لەسەرە، ئەمڕۆ نەزرەکانی خۆمم بەجێهێنا،
[15] بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە، بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
[16] نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە، کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
[17] نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە بە موڕ و ئەلوا و دارچین .
[18] وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین، بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین.
[19] چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە، چووەتە ڕێگایەکی دوور.
[20] کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە، هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
[21] بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد، بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
[22] لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت، وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت، وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
[23] هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت، وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو، کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
[24] ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
[25] دڵت بەرەو ڕێگاکانی لانەدات، لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
[26] چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە، هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
[27] ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە، شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.