[1] کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت، بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.
[2] مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات، ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.
[3] ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.
[4] گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت، گیانی ماندووش سەرکەوتوو دەبێت.
[5] کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە، بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.
[6] ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە، خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.
[7] هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە، هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.
[8] لەوانەیە سامانی مرۆڤ گیانی مرۆڤەکە بکڕێتەوە، بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.
[9] ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە، بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
[10] لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.
[11] ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت لە کورتی دەدات، بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە لە زیادبوون دەبێت.
[12] ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات، ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.
[13] ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە بکات خۆی لەناودەبات، بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.
[14] فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
[15] تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.
[16] هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات، بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.
[17] نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە، پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.
[18] هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن، بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.
[19] ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان، بەڵام گێل وادەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.
[20] ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا، هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێ دەگات.
[21] خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت، بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.
[22] پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی بەجێدەهێڵێت، سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.
[23] لەوانەیە بەیاری هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت، بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.
[24] ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.
[25] کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت، بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.