Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:11

[1] وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا، ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.

[2] وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو، ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.

[3] قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە، کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.

[4] وەڵامی گێل مەدەوە وەک گێلایەتییەکەی، نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.

[5] وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی، نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.

[6] وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە، ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.

[7] وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە، پەند لە دەمی گێلەکان.

[8] وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە، ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.

[9] وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش، پەند لە دەمی گێلەکان.

[10] وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت، بەکرێگری گێل و ڕێبوار.

[11] وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی، گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.

[12] کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

[13] تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە، نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»

[14] دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە، تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.

[15] تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.

[16] تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.

[17] وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.

[18] وەک شێتێکە پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،

[19] ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»

[20] دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە، دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.

[21] خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە، پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.

[22] قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

[23] وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.

[24] قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.

[25] ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە، چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.

[26] هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە، خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.

[27] ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت، ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.

[28] زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات، زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.

پەندەکانی سلێمان — Chapters