Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:40

[1] هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.

[2] دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.

[3] مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات، کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.

[4] دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات، بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.

[5] شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.

[6] زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن، هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.

[7] پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە، لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە! بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت، بەڵام بێ سوودە.

[8] ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت، ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.

[9] شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.

[10] گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.

[11] وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە، شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.

[12] هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.

[13] کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکییەتی، ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.

[14] ماڵ و سامان میراتی باوکانە، بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.

[15] تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت، کەسی سست برسی دەبێت.

[16] ئەوەی ڕاسپاردە بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.

[17] ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات، ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

[18] کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێد تێدایە، بەڵام بە کوشتنی مەدە.

[19] ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت، چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.

[20] گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە، بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.

[21] مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە، بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.

[22] ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە، هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

[23] لەخواترسی بۆ ژیانە، بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.

[24] تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.

[25] لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت، تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.

[26] ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات، کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.

[27] ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن هێنا لە ڕاوێژ، لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.

[28] شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات، دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.

[29] سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە، لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.

پەندەکانی سلێمان — Chapters