[1] پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،
[2] بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن، بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
[3] بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی، ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
[4] بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە، بە لاویش زانیاری و سەلیقە .
[5] دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت، تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،
[6] بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە، قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.
[7] لەخواترسی سەرەتای زانیارییە، بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.
[8] ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە،
[9] چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت، گەردانەن بۆ ملت.
[10] ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت، ڕازی مەبە.
[11] ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە، بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە، بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین،
[12] وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن.
[13] هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت.
[14] پشکی خۆت هەڵبدە ناومان، بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.»
[15] ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ، پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان.
[16] چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن.
[17] چونکە بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک.
[18] بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە، خۆیان ماتداوە بۆ گیانی خۆیان.
[19] ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن، سەری خاوەنی دەخوات.
[20] دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات، لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
[21] لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات، لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:
[22] «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟ هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن، گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
[23] کە سەرزەنشتم کردن بگەڕێنەوە، ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم، وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.
[24] چونکە بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە، دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا،
[25] هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست، سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت،
[26] جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم. گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت،
[27] کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا.
[28] «ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە.
[29] لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە، لەخواترسییان هەڵنەبژارد،
[30] لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت، بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد،
[31] بۆیە لە بەری ڕێگای خۆیان دەخۆن، لە پیلانەکانیان تێر دەبن،
[32] چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت، بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات.
[33] بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»