Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:07

[1] تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە، بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.

[2] کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت، بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.

[3] ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات، بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.

[4] بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

[5] ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات، بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.

[6] ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت، بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.

[7] بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت، هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.

[8] کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و بەدکار دەگرێتەوە.

[9] کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات، بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.

[10] بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت، بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.

[11] بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.

[12] ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.

[13] دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.

[14] بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت، بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.

[15] ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەست تێکەڵبوون بێت ئاسوودەیە.

[16] ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت، بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.

[17] مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات، بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.

[18] خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە، بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.

[19] وەک چۆن ڕاستودروستی بۆ ژیانە، شوێنکەوتنی خراپەش بۆ مردنە.

[20] قێزی یەزدان لە دڵخراپانە، ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.

[21] بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت، بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.

[22] وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە، ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.

[23] ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە، بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.

[24] هەیە بڵاو دەکاتەوە و بۆی زیاد دەکرێت، بەڵام ئەوەی لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە بگرێت تەنها بۆ نەدارییە.

[25] چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت، ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.

[26] ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات، بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.

[27] ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.

[28] ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت، ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.

[29] ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت، گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.

[30] بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە، ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.

[31] ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت، لەوەش زیاتر خراپەکار و گوناهبار!

پەندەکانی سلێمان — Chapters