[1] ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن، سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.
[2] چونکە فێربوونی چاکتان پێدەدەم، فێرکردنی من پشتگوێ مەخەن.
[3] کاتێک کوڕی باوکم بووم، ناسک و تاقانە لەلای دایکم،
[4] نیشانی دەدام و پێی دەگوتم: «با دڵت لەسەر قسەی من بێت، ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.
[5] دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە، لەبیر مەکە و لە قسەکانی دەمم لامەدە.
[6] وازی لێ مەهێنە، دەتپارێزێت، خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.
[7] دەستپێکی دانایی: دانایی بەدەستبهێنە، بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.
[8] ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە، لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.
[9] تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت، تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»
[10] ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە، جا تەمەنت درێژ دەبێت.
[11] ڕێگای داناییم پیشاندایت، بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت.
[12] لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت، لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت.
[13] دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە و دەست شل مەکە، بیپارێزە، چونکە ژیانتە.
[14] مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران، بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ.
[15] خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ، لێی دووربکەوە و تێپەڕە.
[16] چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن، خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن.
[17] چونکە نانی خراپە دەخۆن و شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە.
[18] ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە، ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو.
[19] بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە، نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت.
[20] ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم، گوێ بۆ قسەکانم شل بکە.
[21] لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، لە ناخی دڵت بیانپارێزە،
[22] چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە، دەرمانە بۆ هەموو لەشی.
[23] لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە، چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە.
[24] خواری لە دەمت داماڵە و چەوتی لە لێوانت دووربخەوە.
[25] با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت.
[26] ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە، هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن.
[27] بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە، پێت لە خراپە دووربخەوە.