Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:51

[1] ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟ ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟

[2] لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان، لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.

[3] لەلای دەروازەی شارەکان، لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:

[4] «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم، دەنگم بۆ ئادەمیزادە.

[5] ساویلکەکان، فێری ژیری بن، گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.

[6] گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم، کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.

[7] چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە، خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.

[8] قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن، هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.

[9] هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو، ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.

[10] تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو، زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.

[11] چونکە دانایی لە یاقووت باشترە، هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»

[12] «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم، زانیاری و سەلیقەم هەیە.

[13] ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت، من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە، لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.

[14] ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن، من تێگەیشتنم، هێز هی منە.

[15] بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.

[16] بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن، بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.

[17] من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.

[18] دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە، ڕاستودروستی و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.

[19] بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش، دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.

[20] بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم، لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،

[21] هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»

[22] «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد، هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.

[23] لە ئەزەلەوە من دامەزراوم، لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.

[24] هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم، هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.

[25] پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن، پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،

[26] هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو، نە سەرەتای خۆڵی زەوی.

[27] کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم، کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،

[28] کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،

[29] کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن، کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.

[30] لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم، ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم، هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،

[31] لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم، لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.

[32] «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.

[33] گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن، پشت گوێی مەخەن.

[34] خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت، ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە، لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت.

[35] چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

[36] بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»

پەندەکانی سلێمان — Chapters